کامێران؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی
هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران و لە خزمەکانی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە دوو ساڵ پێش لە قزلحیسار لە سێدارە درا؛ لە دوو حەوتوو پێشەوە لە لایەن وەزارەت ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکراون و هێشتا هەواڵێک لە دۆخیان لە بەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ١٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ڕامین محەممەدی، ٣٢ ساڵە و محەممەد دەشتی، ٣٣ ساڵە، هەر دوو خەڵکی گوندی «ئەڵک» سەر بە کامێران، هەتا ئێستا هەواڵێک لە دۆخی ئەوان لە بەر دەستدا نییە و چارەنووسیان نادیارە.
ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی هەر دوو پوورزای پژمان فاتیحین کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣، لەگەڵ سێ بەندکراویی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد «هەژیر» فەرامەرزی لە بەندیخانەی قزلحیساری کەرەج لە سێدارە دران. تەرمی ئەم بەندکراوانە هیچکات نەدراوە بە بنەماڵەکانیان.
ڕامین محەممەدی پێشتر لە لایەن وەزارەت ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی یاسایی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو. ئەو بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی کۆمەڵە بووە و پاش جیا بوونەوەی لەم حیزبە بۆ شوێنی لەدایک بوونەکەی گرابوویەوە.
محەممەد دەشتیش پێش لەمە بە هۆی چالاکییەکانی دەستبەسەر و سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. ناوبراو بە تێپەڕاندنی یەک ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی، «پێوەندی لەگەڵ یەکێ لە حیزبەکان کوردستان» دیاری کراوە.
ئەم سەرچاوانە زیادیان کرد کە بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە لەگەڵ ئەندامانی پێداگری بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە هەلسوکەوتی زبر و بێرێزیانەیان بووە و هەڕەشەیان لەوان کردووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کاتژمێر پێنجی بەیانی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥)، لە گوندی «ئەڵک» سەر بە کامێران دەستبەسەر و بۆ یەکێ لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواسترابوونەوە.
دەستبەسەرکرانی ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی بە بەکارهێنانی توندووتیژی قورس جێبەجێ کراوە و هەردووکیان کەوتوونەتە بەر پەلاماری لێدان و سووکایەتی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات.