بۆکان؛ شکاندنی دنە، لووت و دەستی ڕەسووڵ یادیار لەژێر ئەشکەنجەدا
هەنگاو؛ یەکشەممە ۷ی بەفرانباری ۲۷۲۵
ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە ۱۲ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان گواستراوەتەوە و بە پێی ڕاپۆرتەکان بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و هاوکات بنەماڵەکەی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەژێر گوشار و هەڕەشەدا بوون تا لە میدیاییکردنەوەی بارودۆخی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدرانی ناوبراو خۆ ببوێرن.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «گوێکتەپە»ی بۆکان، تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو نادیارە و لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە و ئەشکەنجە دراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یادیار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ڕەسووڵ یادیار لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بووە بەشێوەیەک کە لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانیدا چەند دنەی شکاوە و لە بەشی دەست، لووت و فەکی بە سەختی بریندار کراوە.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی دۆخی سەختی جەستەیی بۆ بێهداریی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە بەڵام سەرەڕای درێژەی بارودۆخی نالەباری جەستەیی دیسان بۆ دەستبەسەرگە گەڕێندراوەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی ڕەسووڵ یادیار هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بارودۆخی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییە میدیایی نەکەنەوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۶ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، کاتژمێر ۶ی ئێوارە لە شوێنی کارەکەی بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو.