سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی دلێر سەلیمی لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ
هەنگاو؛ سێشەممە ۱۱ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
دلێر سەلیمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و نیو لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە چارەنووسی نادیارە. ئەو هاووڵاتییە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەربوونی بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بووە و بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی ناوبراو بۆ جارێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دلێر سەلیمی، تۆمەتباری سیاسیی خەڵکی سەقز کە ئەمڕۆ ۱۶۸ەمین ڕۆژی دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە تێپەڕ دەکات، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و بڕیاری دەستبەسەرکرانی بۆ جارێکی دیکەش درێژ کراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی دلێر سەلیمی، ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری سەختدا بووە و هاوکات لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا چەند پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتماوەی لەگەڵیان هەبووە.
بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی شارەکانی سەقز، سنە و تاران و تەنانەت بەیتی ڕەهبەرییان کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە و سەرجەم ئەو ناوەندانە بنەماڵەی ناوبراویان دیسان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گەڕاندووەتەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە دلێر سەلیمی ڕۆژی ۲۷ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ بۆ بەندیخانەی سنە گواستراوەتەوە بەڵام دوو ڕۆژ دواتر بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گەڕێندراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی ناوبراو بۆ جارێکی دیکە درێژ کراوەتەوە و هێستا چارەنووسی نادیارە.
دلێر سەلیمی، ڕۆژی سێسەممە ۲۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە رەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ هاوژینەکەی، ژیلا تەشەکۆری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگ و دەستبەسەر کرا. ئەو هێزانە هەروەها دەستیان بەسەر تەواوی کەرەستە ئەلیکترۆنیەکانی ئەو بنەماڵە بریتی لە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیاندا گرتبوو.
لە ئاکامدا ژیلا تەشەکۆری ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۵)، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.