سەقز؛ دەستبەسەرکرانی حامید نەباتی و مستەفا مسری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
٩ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٠٢
هەنگاو؛ سێشەممە ۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەناوەکانی حامید نەباتی و مستەفا مسری لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۹ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، حامید نەباتی و مستەفا مسری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز دەستبەسەر کران.
مستەفا مسری، ئەندامی گرووپی شاخەوانی سەقز و حامید نەباتی لە شوێنی کارەکەیان، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوە: Hengaw