مەریوان؛ دەستبەسەرکردنی لانی کەم پێنج هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕامین سیاحیان، عەتا مورادی، ڕەفیق (نازناو نادیار)، حاتەم (نازناو نادیار) و زانکۆ (نازناو نادیار)، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ڕامین سیاحیان، خەڵکی کوورە موسوی مەریوان، دەستبەسەر کرا.
پێشتر، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ڕەفیق، خەڵکی گوندی زوێران، حاتەم، خەڵکی گوندی سەیف و زانکۆ خەڵکی گوندی لاویسانی مەریوان لە کاتی هێرشی هێزە حوکوومییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا عەتا مورادی، خەڵکی شارۆچکەی "جووجەسانی"ی مەریوان، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و دۆخی یاسایی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.