ئەسەدئاباد؛ دەستبەسەرکردنی لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتیی کاسبکاران و بە دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئەسەدئاباد سەر بە پارێزگای هەمەدان، لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئاریۆ مورسەلی، ڕامتین بەخشی، پارسا ڕەزایی و پژمان ساڵحی لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران. لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی دوکاندار و بازاڕییانی ئەسەداوا ئەمڕۆیان لە مانگرتندا بەسەر بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ئاریۆ مورسەلی، ڕامتین بەخشی، پارسا ڕەزایی و پژمان ساڵحی، هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی «چناران شێخ»ی سەر بە شاری ئەسەدئابادی پارێزگای هەمەدان، بە دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لەو شارەدا دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەم هاووڵاتییانە کاتژمێر هەشتی شەو دەستبەسەر کراون و دوای ئەم دەستبەسەرکردنە، کۆمەڵێک لە خەڵک لە بەردەم کلانتەریی ١١ لە دەروازەی شار کۆبوونەتەوە و داوای ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییانەیان کردووە، بەڵام هێزە حوکوومییەکانی جێگیر لە شوێنەکە بە تەقەکردن بەرەو ڕوویان، بڵاوەیان بە خەڵکەکە کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەمڕۆش هەموو دوکانەکان لەو ناوچەیەدا داخرابوون، بەڵام لەهەمان کاتدا خاوەنکار و کاسبکاران لە ژێر هەڕەشە و گوشاری هێزە حوکوومییەکان دان.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.