ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی شەهرام نەجاڕی و شوانە ئیبراهیمی لە شارەکانی شنۆ و ئورمیە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە و شنۆ بە ناوەکانی شەهرام نەجاڕی و شوانە ئیبراهیمی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەشەوی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، شوانە ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی «ئاڵکاوێ» سەر بە شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکار هێنانی توندووتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕێژەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و سەرەڕای تێکشکاندنی درگا و پەنجەرەکانی ماڵ، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناسنامەی شەهرام نەجاڕی، ٢٨ ساڵە، خێزاندار و خەڵکی گوندی «دەلۆ» سەر بە بەشی ناوەندیی ئورمیە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارەدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی هەڵگرتنیان نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.