سەردەشت؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنی ئەیووب ڕەشی

١٤ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٢:٣٥

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

ئەیووب ڕەشی، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، زیاتر لە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوەو تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٨ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەیووب ڕەشی، هاووڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی "پاراستان"ی سەر بە سەردەشت، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، زانیاریی ورد لەبارەی چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەم هاووڵاتییە بێئەنجام ماوەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان لە پێشکەشکردنی وەڵامێکی ڕوون خۆیان بواردووە.

ئەیووب ڕەشی، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ لە ناو شاری سەردەشت لە درێژەی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کە هەشت ئۆتۆمبێل بوون، دەستبەسەر کرابوو.

شایانی باسە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەیووب ڕەشی، ئۆتۆمبێلی تایبەتیی ناوبراویشیان زەوت کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەیووب ڕەشی و سەردانیکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و دۆخی تەندروستیی ناوبراو، ئەم دەزگا ئەمنییە هەتا ئێستا وەڵامێکی دیاریکراویان پێ نەداون.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە