درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ڕەحیم ڕەحمانی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی پیرانشار

١٤ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:٥٥

هەنگاو؛ هەینی ۱۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۵

ڕەحیم ڕەحمانی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۶ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە. بڕیاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو لەم دواییانەدا درێژ کراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ۳۶ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ڕەحیم ڕەحمانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی «زەنگیاوێ» سەر بە شاری پیرانشار، تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە کە ئەوە نیگەرانیی زیاتری لەسەر چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە لێ کەوتۆتەوە.

شایەنی باسە کە، ڕەحیم ڕەحمانی تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تەنیا چەند پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتماوەی لەگەڵیان هەبووە. ناوەندە پەەیوەندیدارەکان بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندووە کە بڕیاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو درێژ کراوەتەوە.

ڕەحیم ڕەحمانی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۸ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۳۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ڕەئووف فەڕۆخی دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابۆوە.

هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی ترساندن، لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کەڵکیان وەرگرتووە و دەرکە و دەلاقەی ماڵی ڕەوئوف فەڕۆخییان شکاندووە و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە