درێژکردنەوەی دووبارەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی ئەمجەد ساڵحزادە

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٥:٥٩

هەنگاو؛ شەممە ۱۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵

بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەحاڵێکدا کە زیاتر لە یەک مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا تێپەڕ کردووە؛ بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۳۸ ساڵی خەڵکی شاری سەقز لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.

ئەمجەد ساڵحزادە ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوکانی مۆبایل فرۆشییەکەی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە لە شاری سنە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۲۱ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و ۳ی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای ۴ مانگ و ۳ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

ناوبراو دوایین ڕۆژەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕێکەوتی ۲۶ی ڕەشەممەی ۲۷۲۲ دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای یەک ڕۆژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە