سەقز؛ سزای دوورخستنەوەی ئەیووب جەوانپوور، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" جێبەجێ کرا

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٢:٥١

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۶ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

سزای دوورخستنەوەی ئەیووب جەوانپوور، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سەقز، جێبەجێ کرا و ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی یەک ساڵ مانەوەی زۆرەملێ بۆ شاری باوی لە پارێزگای خووزستان گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۶ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، ئەیووب جەوانپوور، هاووڵاتیی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای دوورخستنەوەکەی، شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بە مەبەستی یەک ساڵ مانەوەی زۆرەملێ لە شاری باوی بەجێ هێشت.

شایەنی باسە کە، ئەیووب جەوانپوور پێویستە سێ جار لە حەوتوودا سەردانی کەلانتەریی ۱۱ی شاری باوی بکات و ئامادەبوونی خۆی لە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکەی تۆمار بکات.

ئەیووب جەوانپوور پاش تێپەڕاندنی یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکران، ڕۆژی یەکشەممە ۸ی ڕەزبەری ۲۷۲۴ (۲۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، بە دانانی بارمتەی ۳۰۰ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز مەرەخەس کرا.

ئەیووب جەوانپوور لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە ڕێکەوتی ۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە بڕیاری بارمتە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۳ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سنە گواسترایەوە و پاش ۳۲ ڕۆژ بەندکرانی تاکەکەسی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەیووب جەوانپوور لە ڕێکەوتی ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۳ لە لایەن لقی ۱۰۵ی دادگای تاوانەکانی دووی سەقز بە سەرۆکایەتیی کەیوان جیهانی بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی قەرەباڵغیی زیاتر لە دوو کەس لە نێوخۆی ئێران بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای ۱۰ ساڵ بەندکران، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت لە ڕێگای هێنانەخوارەوەی ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران" ۱ ساڵ بەندکران، "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" ۲ ساڵ بەندکران و "سووکایەتیکردن بە خومەینی" ۲ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزای ئەیووب جەوانپوور واتا سزای ۱۰ ساڵ بەندکران لەو دۆسیەدا بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرا. ئەو سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ۳ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکە لە سەرماوەزی ۲۷۲۳دا لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» سزای یەک ساڵ بەندکران و ۱۵ مانگ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە شاری باوی سەر بە پارێزگای خوزستانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەیووب جەوانپوور مانگی رەزبەری ساڵی ۲۷۱۷ بەهۆی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی پاڵپشتی لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای پێبژاردنی یەک ملیۆن و ۸۰۰ هەزار تمەن و لێدانی ۵۰ قامچی لە شوێنە گشتییەکانی بەسەردا سەپێندرا کە لە ئاکامدا لەو سزایە بێبەری کرا و سزاکەی هەڵوەشاوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە