مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی محەممەد مستەفا لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە
١٦ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢٠:٤٩
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوی محەممەد مستەفا، لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، محەممەد مستەفا، خەڵکی مەهاباد لە ماڵی تایبەتیی خۆی لەم شارە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە حکوومییەکان دوای دەستبەسەرکردنی محەممەد مستەفا، هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەم هاووڵاتییە، وەک مۆبایلەکەیان زەوت کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
سەرچاوە: Hengaw