دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە بۆکان، ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ٢٠ کەس
هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
لەدێرژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی کاوە کۆڵە و برازاکەی قادر کۆڵە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، قادر کۆڵە و کاوه کۆڵە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ''کانی ڕەش'' سەر بەشاری بۆکان دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی قادر کۆڵە و کاوه کۆڵە بەبێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەهۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە حەوت ڕۆژی یەکەمی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٥ لانی کەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکومییەکانی ئێرانەوە لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، بۆکان، مەریوان و دیواندەرە دەستبەسەرکراون.