دەستبەسەرکرانی سامان قوربانی، مەحموود خودادادی و هێمن ڕەحیمی لە شارەکانی مەهاباد و نەغەدە
هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۹ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، سامان قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە بەناوەکانی مەحموود خودادادی و هێمن ڕەحیمی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۹ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۱۰ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، سامان قوربانی، تەمەن ۲۹ ساڵ و خەڵکی گوندی "یەڵتەمر" سەر بە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە ئەنجام دراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، مەحموود خودادادی و هێمن ڕەحیمی لە شوێنی کارەکەیان لە بازاڕی نەغەدە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوون.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکانیان و ماڵی ئەو هاووڵاتییانەیان بەتەواوی پشکنیوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.