بە دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە مهاباد، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ١٠ ڕۆژی یەکەمی دیسەمبەر لە کوردستان گەیشتە ٣٤ کەس

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٧:٤٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مهاباد بە ناوەکانی ئاکام شێخە مورشە، ئیمان محەممەدزادە و هەژار محەممەدزادە ئەقدەم، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. بەم شێوەیە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی مهاباد گەیشتە شەش کەس.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ئاکام شێخە مورشە، خەڵکی گوندی قەرەقشڵاق سەر بە مهاباد و هەژار محەممەدزادە ئەقدەم و ئیمان محەممەدزادە، خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی ئەم شارە دەستبەسەر کران.

دەستبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە بەبێ پێشکەشکردنی هیچ مۆڵەتێکی قەزایی لە ماڵە تایبەتییەکانیاندا لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە ئەنجام دراوە.

هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی سامان قوربانی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی یاڵتەمری مهاباد و کازم ئازادە و ناسر ئازەرەم، خەڵکی شارەدێی «خەلیفان»ی سەر بەم شارستانەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە، بڵاو کردبووەوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەمی دیسەمبەری ٢٠٢٥دا، لانی کەم ٣٤ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن دەزگا حوکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە تەنیا یەکێکیان ئازاد کراوە و ٣٣ کەسی دیکە هەروا لە دەستبەسەریدان.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە