ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ڕێبین مورادی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە تاران
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕێبین مورادی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ و ئەندامی خولی نایابی تۆپی پێی مێرمنداڵانی تاران، خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. بنەماڵەکەی دوای چوار ڕۆژ بێخەبەری، دواجار زانییان کە کوڕەکەیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، ڕێبین مورادی، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی تاران، یاریزانی تیمی مێرمنداڵانی سایپا، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بنەماڵەی ڕێبین مورادی دوای چوار ڕۆژ بێدەنگۆیی لە دۆخی ناوبراو، دواجار ئەمڕۆ ئاگادار بوونەتەوە کە کوڕەکەیان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژراوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بنەماڵەکەی تا ئێستا تەرمەکەیان وەرنەگرتووەتەوە.
ڕێبین مورادی، یاریزانی مێرمنداڵی تۆپی پێ و ئەندامی تیمە بنەڕەتییەکانی یانەی سایپا، لە خولی مێرمنداڵانی تاراندا ئامادەییەکی چالاکی هەبوو و لە یارییەکانی خولدا گۆڵی بۆ تیمی سایپا تۆمار کردبوو؛ بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە وەک یەکێک لە بەهرەمەندە مێرمنداڵەکانی تۆپی پێی تاران دەناسرایەوە. ناوبراو پێش چوونە تیمی سایپا، لە تیمە بنەڕەتییەکانی دیکە لەوانە تیمی مێرمنداڵانی "پارسیان جەوان ئیلیا نوین" چالاکیی هەبوو و لە پێشبڕکێ فەرمییەکانی دەستەی تۆپی پێی پارێزگای تاراندا یاریی کردبوو، کە ئەمەش نیشانەی ئەزموون و پێشینەی ئەو بوو لە بواری تۆپی پێی بنەڕەتیدا.
سەرەڕای تۆپی پێ، ڕێبین مورادی پاڵەوانی مەلەوانی بوو لە تەمەنی خۆیدا و لە ڕشتە وەرزشییەکانی دیکەی وەک زۆرانبازیشدا چالاکیی هەبوو، کە ئەمەش نیشاندەری لێهاتوویی و بەهرەی هەمەلایەنەی ئەو بوو لە بواری وەرزشە بنەڕەتییەکاندا.