کرماشان؛ کوژرانی دوو برای ۱۷ و ۲۰ ساڵان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕەسووڵ کدیوەریان، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵەی کورد لەگەڵ برا گەورەکەی خۆی ڕەزا کدیوەریان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوبگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لە دەست دا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەشەویی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، ڕەزا کدیوەریان، ٢٠ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی “دیپین” سەر بە کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە گەڕەکی جافراوای ئەم شارە ڕۆشتبووە کۆما، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی لە دەست دا.
هەروەها نیوەشەوی شەممە ١٣ی بەفرانبار، ڕەسووڵ کدیوەریان، مێرمنداڵی ١٧ ساڵە و برای بچووکی ڕەزا کدیوریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوبگەرەکان دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو برا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شەقامی ئەرتەشی گەڕەکی جافراوای شاری کرماشان، کەوتنە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەی ئەم تەقە کردنانەدا، ڕەسووڵ کدیوەریان، مێرمنداڵی ١٧ ساڵە، دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و ڕەزا کدیوریان بە سەختی بریندار بوو کە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان، لە نیوەشەوی ڕۆژی دواتری گیانی خۆی لە دەست دا.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە تەرمی ئەم دوو برا بە بنەماڵەکانیان نەدراوەتەوە.