کرماشان؛ ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە کوژرانی ئەمیرعەلی حەیدەری تەمەن ١٧ ساڵ
هەنگاو، دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ئەمیرعەلی حەیدەری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی کورد و خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژراوە. ناوەندە حکوومەتییەکان بنەماڵەی ئەم منداڵەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە تا مردنی ناوبراو بە کەوتنە خوارنەوە لە بەرزایی لە قەڵەم بدەن.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، ئەمیرعەلی حەیدەری جەعفەری ئابادی، ١٧ ساڵە و خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک بە بنەماڵەی ئەمیرعەلی حەیدەر ئابادی، ناوبراو لە شەقامی کاشانی شارەکی ئیلاهیەی کرماشان بە چەکی کڵاشینۆف تەقەی لێکراوە و گوللەکە نزیک دڵی پێکاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە زیادی کرد کە تەرمی ئەمیر عەلی حەیدەری جەعفەرئازادی پاش وەرگرتنی یەک میلیارد تمەن بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و یەکێک لە ئامادەبووان لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی لە گۆڕستانی گوندی “توەلی” پاش وتنەوەی درووشمی ناڕەزایەتی، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان، بە توندووتیژییەوە دەستبەسەرکران.
هەروەها لە بەڵگەنامەی مردنەکەی پزیشکی یاسایی سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەم منداڵە، هیچ ئاماژەیەکی بە تەقەی فیشەک نەکردووە و لە ڕاپۆرتەکەدا وتراوە کە بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست داوە.