ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی پێنج هاووڵاتیی کورد، بریتی لە منداڵێکی ١٧ ساڵە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە تاران
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥
پێنج هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێکی ١٧ ساڵە بە ناوەکانی عەلیڕەزا سەیدی، بورهان سەیدی، سەلام میرانی، ئیبراهیم ئەحمەدپووریان و محەممەد زەمانی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، عەلیڕەزا سەیدی، ١٧ ساڵە و خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان لە تاران کوژرا.
تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار لە شوێنی لەدایک بوونەکەی واتا ئاودانان بە بەشداری بەرینی هاووڵاتییان و بە وتنەی درووشمگەلێک وەک ''مردن بۆ دیکتاتۆر» بە خاک ئەسپێردرا. بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی بە خاک ئەسپاردنەکەدا، هێزە حکوومەتییەکان بە سەرکوتی قورس و تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی بۆ لای ناڕازییان، چەندین هاووڵاتییان بریندار کردووە.
هاوکات سەلام میرانی، ٥٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی چەشمیەر سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی قەلعە حەسەن خان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم بەشەی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژرا. بە پێی ئەو زانیارییانەی هەنگاو وەریگرتووە تەرمی ئەم گیانبەختکردووە بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم ئەحمەدپووریان خەڵکی گوندی شێخەڵە سەر بە شاری سەقز و دانیشتووی ناوچەی فەرهەنگسەرا لە تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لەم ناڕەزایەتییانەی خەڵکی شار لە هەمان ڕۆژ گیانی لە دەست دا.
هەروەها محەممەد زەمانی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتییانە لە تاران کوژرا.
بورهان سەیدی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی ئێگنیجە سەر بە شاری سەڵماس یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییە کوردانەیە کە لەتاران کوژراوە. ناوبراو لە تاران سەرقاڵی کرێکاری بووە.
وێنەکان و ڤیدیۆکانی وەرگیراو دەریدەخەن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفەرانباری ٢٧٢٥ لە تاران، هێزە حکوومەتییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاووڵاتییان، توندووتیژییەکی قورسیان ئەنجام داوە کە لە ئاکامی ئەوەدا، ڕێژەیەک کوژراو و بریندار هەیە.
هەنگاو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ئەنجامی سەرکوتی ئەم دواییانە لە تاران، تووشی کوشتنگەلێکی دەرەوەی یاسایی دادوەریی هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە و هێزە حکوومەتییەکان دەستیان کردووە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و کەڵک وەرگرتن لە چەکی گەرم بۆ سەر هاووڵاتییانی ناڕازی و توندووتیژی کوشەندە دژی هاووڵاتییان بە شێوەی ئاشکرا ئەنجام دەدرێ.
لە ڤیدیۆیەکدا کە هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووەوە، تەرمی دەیان کوژراو لە قەراخی ساردخانەی کەهریزەک بینراوە و بنەماڵەکانیان لە نێوان تەرمەکاندا بە دوای کەسوکاری خۆیان دەگەڕن. سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەینداووە کە دەیان کەس لەم شوێنەدا گیانیان لە دەست داوە و ساردخانەی کەهریزەک لە ئاستێک پڕە کە تەرمەکان لە قەراخی ساردخانەکەیشدا هەڵدەگرن، کە دەرخەری زۆری و بەرینی سەرکوتەکانی ئەم دواییانەیە.