کوژرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێکی ١٦ ساڵان لە ناڕەزایەتییەکانی تاران و ڕەی

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٣:٠٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سێ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی محەممەدرەزا عەبدولڕەحمانزادە، مەیسەم نەزەری و یاسین ئیلاهی لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران و شاری ڕەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، کە ناسنامەیان دوای هەفتەیەک پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، محەممەدرەزا عەبدولڕەحمانزادە، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سەڵماس لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاراندا کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە تەرمی ئەم منداڵە بۆ قوم گواستراوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

شایانی باسە محەممەدرەزا عەبدولڕەحمانزادە سێیەمین هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماسە کە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە تاران کوژراوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا و لە کاتی هەمان ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تاران، مەیسەم نەزەری، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان تەرمی ئەم گیانبەختکردووە لە بەرامبەر ٧٠٠ ملیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە گۆڕستانی گوندی «عەلی باقر» لە ناوچەی جەلالوەندی کرماشان بە خاک سپێردراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە لە هەمان ڕۆژدا (١٩ی بەفرانبار)، یاسین ئیلاهی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی آب انار سەر بە ئاودانان لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی فەلەکەی یەکەمی دەوڵەت‌ئاوای شاری ڕەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو، تەرمی ئەم گیانبەختکردووە لە گۆڕستانی ئیبن بابۆیەی شاری ڕەی بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە