پارێزگای ئیلام؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونی چارەنووسی محەممەدڕەزا فەریادی
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەدڕەزا فەریادی، گەنجی کوردی خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٣ی مەی ٢٠٢٦)، محەممەدڕەزا فەریادی خەڵکی شاری سەراوڵە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هێزە حکومەتیەکان بەبێ نیشان دانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم گەنجە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بوارەدا بێ ئەنجام ماوەتەوە.