بەردەوامیی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی ڕامین محەممەدی
هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
ڕامین محەممەدی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران ٤٠ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هێشتا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لە بەردەستدا نییە. ناوبراو یەکێک لە خزمانی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحەسار سزای سێدارەکەی جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک و ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ڕامین محەممەدی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەڵەک"ی سەر بە کامێران، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی ڕاگیران و چارەنووسی بڵاو نەکراوەتەوە، کە ئەمەش نیگەرانییەکی جیدیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.
ئەندامانی بنەماڵەی ڕامین محەممەدی ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی سەرماوەز، بۆ چەندەمین جار بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆخی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی سووکایەتی و بێڕێزیی مأمورانی حوکوومی بوونەتەوە.
ڕامین محەممەدی لە مافە سەرەتاییەکانی وەک چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ، پەیوەندیی تەلەفۆنی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە گرتووخانە ئازاد کرابوو. ئەو بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبی کۆمەڵە بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕابووەوە بۆ زێدی خۆی.
هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیبووی کە تۆمەتی ئاراستەکراو دژی ڕامین محەممەدی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" ڕاگەیەندراوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، لە گوندی "ئەڵەک"ی سەر بە کامێران بە توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواسترایەوە.