ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بەردەوامیی دەستبەسەری و درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
بڕیاری دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی، پاڵەوانی وەرزشە جەنگییەکان و خەڵکی سنە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ١٠٧ ڕۆژی ڕابردووی لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا بەسەر بردووە، بۆ چوارەمین جار درێژ کرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی، پاڵەوانی وەرزشە جەنگییەکانی خەڵکی «باوەرێز»ی سنە لە کاتێکدا بۆ چوارەمین جار و هەتا ٢٠ی بەفرانبار درێژ کراوەتەوە کە ئەم هاووڵاتییە ماوەی سێ مانگ و ١٦ ڕۆژی ڕابردووی لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا تێپەڕاندووە و بەردەوامیی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی ئەم وەرزشوانە کوردە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو.
شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە هەتا ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی وەک مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشارەوە.
درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی چیاکۆ ڕەزایی لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە دیاری کراوە، بەڵام بە زەبری ئیدارەی ئیتلاعات لە وەرگرتنی بارمتەکە خۆپارێزی کراوە.
چیاکۆ ڕەزایی ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥)، لە کاتی چوونە دەرەوە لە یانە وەرزشییەکەی خۆی لە سنە، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو.