ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە گیانبەختکردنی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتیەکان و هەوڵی حکومەت بۆ ناساندنی وەک «بەسیجی»
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥
لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، هاووڵاتییەک بە ناوی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد، خەڵکی کۆدەشت، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە حکومەتیەکانەوە گیانی لەدەست دا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندە حکومیەکان بە دۆسیەسازیی میدیایی، هەوڵیان داوە ناوبراو وەک «ئەندامی بەسیج» و لە هێزەکانی سەر بە حکومەت بناسێنن
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ئەمیرحیسام خودایاریفەرد، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت، لە ناوەڕاستی ناڕەزایەتییانی ئەو شارەدا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومیەکان و چەند کاتژمێر دواتر و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی خوڕەمئاوا، بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان و شایەتحاڵان، ئەم گەنجە لە کاتێکدا کە لە ناو خەڵکی ناڕازیدا بووە و بەشداری لە خۆپیشاندانی جەماوەریدا کردووە، بە دەمانچەی کۆڵت و لە مەودایەکی نزیکەوە لە لایەن یەکێک لە هێزە حکومەتیەکانەوە سەری کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.
دەستبەجێ میدیا حکومیەکان سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەم هاووڵاتییە، ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە ناوبراو "ئەندامی بەسیج" بووە و «بە هۆی کردەوە توندوتیژانەکانی خۆپیشاندەران کوژراوە». ئەمە لە کاتێکدایە، ڤیدیۆکانی ساتی بەرکەوتنی گوللەکە و وتەی شایەتحاڵەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ هەنگاو، ئەم ئیدیعایە بە توندی ڕەت دەکەنەوە و نیشانی دەدەن کە ئەو لە ناو خەڵکی ناڕازیدا و بە تەقەی هێزە حکومیەکان بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە کۆدەشت ڕایانگەیاندووە، لە دوێنێوە دوو جار فەرمانداری کۆدەشت و پێشنوێژی هەینیی ئەو شارە و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە سوپای پاسداران بە ئامادەبوونیان لە ماڵی بنەماڵەی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد، بنەماڵەی ناوبراویان خستووەتە ژێر گوشارەوە هەتا قبووڵ بکەن کە کوڕەکەیان وەک ئەندامی بەسیج ڕابگەیەنرێت؛
هەتا ئێستاش ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەمیرحیسام بەم بنەماڵەیە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنیان بەستۆتەوە بە دانپێدانانی تەلەفزیۆنیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە ئەندامێتیی کوڕەکەیان لە بەسیجدا.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆخی شاری کۆدەشت بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و ناوەندە ئەمنییەکان هۆشدارییان داوەتە هەموو چالاکان و کەناڵە پڕبینەرەکانی تێلێگرام و ئینستاگرام لەو شارەدا کە نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە چۆنیەتیی کوژرانی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد بڵاو بکەنەوە.
لە ساڵانی ڕابردووشدا، سیاسەتی ناوەندە حکومیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەری و جەماوەرییەکاندا جگە لە ئەنجامدانی توندوتیژیی بێسنوور و پشتگوێخستنی داواکاریی ناڕەزایەتییان، هەوڵدان بووە بۆ زەوتکردنی شوناسی ئەو هاووڵاتییانەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان بەخت کردووە و ناساندنیان وەک هێزەکانی سەر بە حکومەت؛ بە جۆرێک کە ئەم سیاسەتە، وەک ڕێگەیەک بۆ شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی کوشتنی ناڕەزایەتییان و نکۆڵیکردن لە تاوان و هەڵاتن لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتیەکان لە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان هەڵدەسەنگێنرێت.
ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ئێران لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) و هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی نرخی دۆلار لە یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار ڕیاڵ و ریکۆردشکاندنی بێوێنە و بەردەوامی نرخی دراوە بیانییەکان و دابەزینی بەهای پارە دەستی پێ کردووە و لەلایەن هێزە حکومەتیەکان بەرەو توندوتیژی براوە.