ئاشکرا کردنی ناسنامەی شەش کەسی دیکە لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی کرماشان لە لایەن هەنگاو
هەنگاو؛ چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
شەش هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بالشزر، سەعید کەهراری، فەرزاد خەیردار، محەممەدئەمین سەلامی، مەیسەم کرانی و سەید ئارمان مووسەوی، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کە کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون کە ناسنامەی ناوبراوان پاش یەک حەوتوو ئاشکرا کراوە. بە پێی ئەم هەژمارە هەتا ئێستا ٣٠ کەس لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان لە لایەن هەنگاو ئاشکرا و بڵاو کراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، فەرهاد بالشزر، ٥٥ ساڵە، لە پێڕەوانی ئایینی یارسان، خەڵکی گوندی «سوێرک» دانیشتووی پەردیس لە کرماشان، بە تەقەی فیشەکی جەنگی هێزە حکوومەتییەکان لە بەشی سەریدا کوژرا.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا، سەعید کەهراری، خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژرا.
لە لایەکی دیکەوە شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، فەرزاد خەیردار، ٣٧ ساڵە، ئەندازیاری میکانیک و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی هێزە حکوومەتییەکان کوژراوە.
هاوکات هەر لەم شەوەدا، محەممەدئەمین سەلامی، خەڵکی شارەکی ئیلاهیەی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا. ناوبراو لە کرماشان خاوەن فرۆشگایەکی شاڵ، سەرپۆش، جانتا و ئێکسسوارات لە دەورووبەری ئیلاهیە و شەقامی کارەبا بووە.
لە لایەکی دیکەوە هاوکات هەر لەم شەوەدا، مەیسەم کرانی، خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە لە بلواری تاقەوسان بە هۆی وێکەوتنی فیشەکی جەنگی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مەیسەم کرانی تەنیا چەند ڕۆژ پێش لە گیان لە دەست دان، ڕێوڕەسمی دەزگیراندارییەکەی خۆی بەڕێوە بردووە.
هەر لەم کاتانەدا و لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، سەید ئارمان مووسەوی، خەڵکی کرماشان، لە گەڕەکی مەسکەنی ئەم شارە، بە هۆی وێکەوتنی فیشەکی جەنگی هێزە حکوومەتییەکان بۆ لای قەفەسەی سینەی گیانی لە دەست دا.