پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی هەشت کەسی دیکە لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاباد لەلایەن هەنگاوەوە
هەنگاو، چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەجاد کیانی، مەسعوود سەهامی، میلاد فەڕۆخی، نەوید میرزایی، جابر عەبدی، ئەمیرحوسێن نادری، جەواد نیازی و فەرشید شەکرسۆخەن کە هەموویان خەڵکی شابادن، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژران. بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتانە تا ئێستا ناسنامەی ١٤ هاووڵاتیی کورد کە لەو شارەدا کوژراون لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست و بڵاو کراوەتەوە. زانیارییەکانی هەنگاو ئاماژە بە کوژرانی لانی کەم ٢٣ هاووڵاتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەکەن.
ناسنامەی ئەم هەشت هاووڵاتییە کە هەموویان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦) کوژراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە و وردەکارییەکانی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
دکتۆر سەجاد کیانی، پزیشکی ددان و خەڵکی شاباد کە یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو، ناوچاک و خۆشەویستەکانی ئەو شارە بوو، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
مەسعوود سەهامی، هاووڵاتیی خەڵکی شاباد ئەویش لە کاتی هەمان ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە شوێنێکی گۆڕینی ڕۆنی ئۆتۆمبێل وەک شاگرد کاری کردووە.
میلاد فەڕۆخی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاباد، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و پێکرانی فیشەکی جەنگی گیانی لەدەست داوە. هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە گۆڕستانی گوندی وەنایی بە خاک سپێردراوە.
نەوید میرزایی یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی خەڵکی شابادە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان تەرمەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە گۆڕستانی ئیمامزادە حەسەنی شاباد بە خاک سپێردرا.
جابر عەبدی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارەیە کە لە کاتی هەمان ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراوە و تەرمەکەی ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ بە خاک سپێردراوە.
ئەمیرحوسێن نادری، خەڵکی گوندی زووارەکۆ، و جەواد نیازی، خەڵکی گوندی بانگەنجاو، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان گیانیان لەدەست دا. تەرمی هەر کامیان لە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە گوندەکانی زێدی خۆیان بە خاک سپێردرا.
فەرشید شەکرسۆخەن ئەویش هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شابادە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا هەواڵی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی لە شاباد بڵاو کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونە توندەکانی نێوان هاووڵاتییانی ناڕازی و هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکاندا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کوژراو و بریندار بوون و هەروەها لانی کەم سێ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاباد جەختیان کردووەتەوە کە لەو شارەدا لانی کەم ٢٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە کوژراون. هەنگاو پێشتر ناسنامەی ٦ کەسی دیکەی پشتڕاست کردبووەوە و ئێستا ناسنامەی ١٤ کەس پشتڕاست کراوەتەوە.