ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سیروان، گیەڵان، تاران و قووچان
هەنگاو؛ هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لە درێژەی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکاندا، لانی کەم چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی مالیک خەلەفی حوسێن فەتاحی، ئارمان مەعرووفی و یاشار قەدیری لە شارەکانی سیروان، گیەڵان، تاران و قووچان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. تا ئێستا ناسنامەی ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا دەستبەسەر کراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
دەستبەسەرکراوانی سیروان(ئیلام)
مالیک خەلەفی، خەڵکی «لوومار»ی سەر بە سیروان لە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە؛ دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
دەستبەسەرکراوانی گیەڵان
دوای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانەوەی حوسێن فەتاحی، هونەرمەندی خەڵکی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هونەرمەندە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گیەڵان دەستبەسەر کرابوو و بەهۆی لێدان و ئەشکەنجە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
دەستبەسەرکراوانی تاران
ئارمان مەعرووفی، خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تاران، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە.
دەستبەسەرکراوانی قووچان
یاشار قەدیری، خەڵکی گوندی "جەرتوودە"ی سەر بە قوچان و دانیشتووی قوچان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا ناسنامەی ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراوەتەوە.