خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۱۱ هاووڵاتیی دیکە لە پارێزگای ئیلام، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو پارێزگایە گەیشتە ۴۳ کەس
هەنگاو؛ شەممە ۱۳ی بەفرانباری ۲۷۲۵
لانی کەم دە هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام لەوان سێ منداڵ بەناوەکانی محەممەدتەها زەینیوەند، پەیمان حەسەنوەند، ئەمین شوکریپوور، شەهرووز شوکریپوور، ڕەزا حەیدەری، ئیسماعیل زۆهرابی، ڕەحیم سادقی، عەلی محەممەد حەیاتی، ڕەزا سەیفی، ئیلیا قاسمی و ئێحسان مەلەکی، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۱۳ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۳ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، محەممەدتەها زەینیوەند، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵، پێنج هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی پەیمان حەسەنوەند، ئەمین شوکریپوور، شەهرووز شوکریپوور، ڕەزا حەیدەری، تەمەن ۲۰ ساڵ، خەڵکی دەڕەشار و ئیسماعیل زۆهرابی خەڵکی گوندی «ئەرمو» سەر بە دەڕەشار لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا ڕەحیم سادقی و ئەحمەد حەق نەزەری خەڵکی سەراوڵە، عەلی محەممەد حەیاتی، تەمەن ۳۳ ساڵ و خەڵکی دێلوڕان، ڕەزا سەیفی تەمەن ۱۴ ساڵ و ئیلیا قاسمی تەمەن ۱۳ ساڵ، دوو منداڵی خەڵکی دێلوڕان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی بەفرانباری ۲۷۲۵، ئێحسان مەلەکی تەمەن ۳۴ ساڵ و خەڵکی ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ۴۳ هاووڵاتی لە شارەکانی دەڕەشار، ئاودانان، دێلوڕان، ئیلام و سەراوڵەی پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.