ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام
هەنگاو؛ هەینی ۸ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەباح کەریمی، عێرفان عەزیزی و جابر سوڵتانیان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەلەکشایی، هەلیلان و ئاسمان ئاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەباح کەریمی، خەڵکی مەلەکشایی، ڕۆژی دووشەممە ۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (۲۳ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە عێرفان عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی هەلیلان سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی یەکشەممە ۳ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (۲۲ی فێبریوەری)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها، جابر سوڵتانیان، خەڵکی ئاسمان ئاباد سەر بە شاری چوار، ڕۆژی دووشەممە ۲ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (۲۱ی فێبریوەری)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو چارەنووسی نادیارە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.