دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی تاران، دەڕەشار و دیواندەرە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد تەموویی ، موجتەبا حاجیان، محمەدمەهدی پیردە و زانیار عەباسی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی دەڕەشار، دیواندەرە و تاران دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانە بەو شێوەیە؛
دەستبەسەرکراوانی دەڕەشار؛
محمەدمەهدی پیردە، هاووڵاتیی تەمەن ١٨ ساڵ، ڕۆژی هەینی ١ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (٢٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
دەستبەسەرکراوانی تاران؛
موجتەبا حاجیان، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (٢٧ی دێسەمبەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئەحمەد تەموویی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی تاران، بەرەبەیانیی دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (٢٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا.
ئەو چالاکە سیاسییە ساڵی ۲۷۲۱، پاش ١٤ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو و دوای ئازادکرانی، لە تاران بە مەبەستی بژێویی ژیانی ئیشی شۆفێریی سنەپی دەکرد.
دەستبەسەرکراوانی دیواندەرە؛
زانیار عەباسی، سێشەممە ٥ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (٢٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، چارەنووس و شوێنی راگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.