مەلەکشایی؛ دەستبەسەرکرانی فەرشاد مەهدەوی و نادر ڕابە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی فەرشاد مەهدەوی و نادر ڕابە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۵ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵ (۲۴ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، فەرشاد مەهدەوی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
پێشتر، ڕۆژی دووشەممە ۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵، نادر ڕابە، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۵۴ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدایە کە ڕانی بریندار کراوە و هەر ئەوە نیگەرانیی زیاتری لەسەر بارودۆخی ناوبراو لێ کەوتووەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.