ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٩ هاووڵاتیی دیکە لە کرماشان
هەنگاو؛ شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥
لانی کەم ٩ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی پەیمان حوسێنی، مورتەزا حوسێنی، ئیحسان حوسێنی، مەسعوود بی نیاز، ڕەزا دارابی، ئاریا فەرهەنگ، ئێحسان حەیاتی، یوسف سەفەری و مازیار ڕۆستەمی لە لایەن هێزە سەرکوبگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە. ڕێژەی دەستبەسەرکراوان لەم پارێزگایە گەیشتە ٢٨ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، مەسعوود بی نیاز خەڵکی شاباد، و مازیار ڕۆستەمی ٢١ ساڵە و خەڵکی کرماشان، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئێحسان حەیاتی، لە گەڕەکی وەکیل ئاقای کرماشان، و چوار هاووڵاتیی خەڵکی هەرسین بە ناوەکانی یوسف سەفەری ٢٢ ساڵە، پەیمان حوسەینی، مورتەزا حوسەینی و ئێحسان حوسەینی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ئاریا فەرهەنگ لاوی ٢١ ساڵە و خەڵکی کرماشان، لە گەڕەکی نەوبەهاری ئەم شارە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکاندا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥، ڕەزا دارابی هاووڵاتیی ٣٤ ساڵە و خەڵکی کرماشان لە شەقامی دەبیر ئەعزەمی ئەم شارە لە لایەن هێزە سەرکوبگەرە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٢٨ هاووڵاتیی لە شارەکانی هەرسین، کرماشان، سەرپێڵ زەهاو و شاباد لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراون.