ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، مەهاباد، تاران و سەبزەوار
هەنگاو؛ هەینی ۱ی ڕەشەممەی ۲۷۲۵
لانی کەم چوار هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی بێهزاد ڕەحمانی، محەممەد سەنگین ئابادی، کاوە ئەفشاری و محەممەد کەلمیشی لە ڕەوتی شەپۆلی دەستبەسەرکران و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، مەهاباد، تاران و سەبزەوار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۱۶ی فێبریوەریی ۲۰۲۶)، بێهزاد ڕەحمانی، تەمەن ۴۰ ساڵ، ددانساز و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵەکەی خۆی لەو شارەدا، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە چەکدارەکان لەو شوێنەدا ئامادە بوون و دوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە بەکارھێنانی درۆن، ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتەکانی ئەو هاووڵاتییە بریتی لە مۆبایل و لەپتاپەکەیدا گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، کاوە ئەفشاری، خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۱۱ی فێبریوەری)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی، بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، محەممەد سەنگین ئابادی، خەڵکی گوندی سەنگین ئاباد سەر بە شاری قوروە و دانیشتووی تاران، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە تاران لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. سەرەڕای دیاریکردنی بارمتەی قورس، ناوەندە ئەمنییەکان تا ئێستا لە ئازادکرانی کاتیی ئەو هاووڵاتییە ڕێگرییان کردووە.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکاندا، محەممەد کەلمیشی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۲۴ ساڵ و خەڵکی سەبزەوار، ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لەو شارە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی تا ئێستاش لە بەندیخانەی سەبزەوار ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە و زانیارییەک لەسەر بارودۆخی لەبەر دەستدا نییە.
شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و سەرەکیترین مافەکانی خۆیان بێبەش ماونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگرتنی چەند کەسیان لەبەر دەستدا نییە.