ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کامێران، شاباد، مهاباد، شنۆ، سنە و بۆکان
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فارووق نەدیمی، عەلی باڵایی، جەلال خەدیریپوور، هەژار ئیبراهیمی، سەباح ساڵحی، ئومید ئوستادی، پەرویز بەنگینی و پەیمان ڕەحمانی، لە شارەکانی کامێران، شاباد، مهاباد، شنۆ، سنە و بۆکان دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە درێژەی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییاندا، ٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. ناوی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیەیە:
کامێران؛
فارووق نەدیمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی کامێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە شوێنی کارەکەی کە دوکانێکی کلیلسازییە لەو شارەدا، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەروەها پەیمان ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، زیاتر لە مانگێک پێش ئێستا و چەند ڕۆژ دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتێکدا کە بەهۆی تەقەی فیشەکی ساچمەییی هێزە حکومەتییەکانەوە بریندار ببوو، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
شاباد؛
عەلی باڵایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاباد و برای شێرزاد باڵایی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە مەیدانی فەرهەنگیانی ئەو شارە، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بڵاو نەکراوەتەوە.
مهاباد؛
جەلال خەدێریپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی گاوازەلێی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مهاباد، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە ئورمیە گواستراوەتەوە. تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر دۆخ و تۆمەتەکانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
شنۆ؛
هەژار ئیبراهیمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شنۆ، ئێوارەی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
سنە؛
سەباح ساڵحی و ئومید ئوستادی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە، ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە گەڕەکی حەسەنئاوای ئەو شارە و لە بەردەم شوێنی کارەکەیاندا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانیان لەبەر دەستدا نییە.
بۆکان؛
پەرویز بەنگینی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. لە کاتی ئەم هێرشەدا، مەئموورەکان مۆبایلی خۆی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان بردووە و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەش دراونەتە بەر لێدان و کوتان.