ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی تاران، ئاودانان، شاباد و ئورمیە

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٩:٤٣

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی کۆشار حەزرەتی خەڵکی قوروە، ئەمین فەرەجوڵڵاهی خەڵکی ئاودانان، عیرفان خوسرەوئابادی خەڵکی شاباد و عەلیڕەزا عەبدوڵڵاهی خەڵکی ئورمیە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نێوان ١٨ی بەفرانبار تا ٢٧ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، چوار هاووڵاتیی کورد لە چوار شاری جیاواز دەستبەسەر کراون کە زانیارییە وردەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

دەستبەسەرکراوانی تاران

کوشار حەزرەتی، خەڵکی قوروە و دانیشتووی تاران، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شەقامی سەتارخانی تاران، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی ئاودانان

ئەمین فەرەجوڵڵاهی، خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی ئیسلام‌ئاوای غەرب

عیرفان خوسرەوئابادی، خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، لە ڕێگەی شاباد بۆ کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی ئورمیە

عەلیڕەزا عەبدوڵڵاهی، خەڵکی ورمێ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی گوڵشەهری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە