ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی دوازدە هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥
دوازدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موحسین شوکری، ئەمیر محەممەدی، ڕەزا باقری نژاد، ئەمیر عیسازادە، محەممەدبەشیر هاشمیان، مەهدی هاشمیان، بەهادور عەمووزادە، ئەحمەد حەسەنوەند عەمووزادە، مراد حاسڵی، ئەمین نوورمەنێش، فەرهاد محەممەدڕەشید و موحسین حەیدەربەیگی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی بەدرە، دەرەشار و سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، موحسین شوکری و ئەمیر محەممەدی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە بازگەی پاتاقی سەرپێڵی زەهاو بە تەقەی گوللە بریندار و پاشان دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەست نییە.
هەروەها هاوکات، ئەمیر عیسازادە، محەممەدبەشیر هاشمیان، مەهدی هاشمیان، بەهادور عەمووزادە و ئەحمەد حەسەنوەند عەمووزادە، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئارمو»ی سەر بە دەرەشاری ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدواییەدا، ئێوارەی هەینی ١٢ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی شارستانی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی مراد حاسڵی، ئەمین نوورمەنێش، فەرهاد محەممەدڕەشید و موحسین حەیدەربەیگی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە هەمان شەودا، ڕەزا باقری نژاد، هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵە سەر بە ئیلام لە نزیک ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.