ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی ٩ هاووڵاتیی کورد لەوانە سێ منداڵ لە پارێزگای ئیلام

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٤٠

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

 

لانی کەم ٩ هاووڵاتیی کورد لەوانە سێ منداڵ بە ناوەکانی سامان سولەیمانی، موجتەبا محەممەدوەلی، ئەدیب نەزەری، ڕەزا فەردەوس‌موقەددەم، حەمید مەلەکی، عەلیڕەزا نەزەری، حوسێن مەقسوودی، ئەمیرعەلی لوتفی و ڕووحوڵڵا شێخی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی مورمووری، ئاسمان‌اوا، دەڕەشار، ئاودانان و چواری سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنە نادیارەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ٩ هاووڵاتیی کورد کە سێ کەسیان منداڵی ژێر ١٨ ساڵانن، دەستبەسەر کراون و بە چارەنووسێکی ناڕوونەوە ماونەتەوە. ناوی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیەیە:

 

دەستبەسەرکراوانی ئاودانان؛

موجتەبا محەممەدوەلی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. شایانی باسە کە دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە کە لە کاتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»دا لە دژی کرابووەوە، هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.

ئەدیب نەزەری، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هاوکات، سامان سولەیمانی، گەنجی خەڵکی گوندی «هەفت‌چەشمە»ی ئاودانان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دوای دەستبەسەرکرانی ئەم منداڵە، لە نێوان خەڵکی گوندی هەفت‌چەشمە و هێزە ئەمنییەکاندا تێکهەڵچوون ڕووی داوە. هێزە حکومەتییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە تەقەیان کردووە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە و زیانیان بە چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاندووە.
 

دەستبەسەرکراوانی دەڕەشار؛

دوو منداڵ بە ناوەکانی حوسێن مەقسوودی و ئەمیرعەلی لوتفی، کە هەردووکیان تەمەنیان ١٥ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، دەستبەسەر کران.

ڕەزا فەردەوس‌موغەدەم، تەمەن ٣٥ ساڵ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

دەستبەسەرکراوانی چوار؛

حەمید مەلەکی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٧ ساڵی خەڵکی ئەرکەوازیی سەر بە چوار، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٦ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکراوانی ئاسمانئاوا؛

عەلیڕەزا نەزەری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی ئاسمانئاوا سەر بە چەرداوڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٦) دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکراوانی مورمووری؛

ڕووحوڵڵا شێخی، تەمەن ٣٨ ساڵ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦)، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە