ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر گیانلەدەستدانی لەتیف کەریمی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان/ هەوڵی حکومەت بۆ زەوتکردن و چەواشەکردنی ڕاستییەکان

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٢:٥٧

هەنگاو، یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەتیف کەریمی، هاووڵاتیی کورد و سەرتیپی خانەنشینکراو کە لە نێو ناڕەزایاندا بوو، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان و گیانی لەدەست دا. لە کاتێکدا کە دامودەزگا حکومەتییەکان بە چیرۆکتاشیی میدیایی هەوڵیان دا ناوبراو وەک ئەندامێکی هێزە حکومەتییەکان بناسێنن کە لەلایەن ناڕەزایانەوە کوژراوە، کوڕەکەی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە باوکی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، لەتیف کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشاهی، لە نێوان ناڕەزایانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و کوژرا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان و شایەتحاڵەکان، ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە لە نێو ناڕەزایاندا بووە و لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری مەلەکشاهیدا بەشداری کردووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

عیماد کەریمی، کوڕی لەتیف کەریمی، لە ستۆریی لاپەڕەی تایبەتیی ئینستاگرامەکەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە باوکی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە و نووسیویەتی: «تاوانی باوکم تەنیا ئەوە بوو کە گوتبووی تەقە لە خەڵک مەکەن.»

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستبەجێ میدیا حکومەتییەکان و سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەم هاووڵاتییە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ناوبراو «بەهۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ ناڕەزایان» کوژراوە. لە کاتێکدا کە وتەی شایەتحاڵەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ هەنگاودا، ئەم بانگەشەیە بە توندی ڕەت دەکاتەوە و نیشانی دەدات کە لەتیف کەریمی لە نێوان خەڵکی ناڕەزایدا بووە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپا بریندار کراوە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە ئیلام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

جێی ئاماژەیە کە دامودەزگا حکومەتییەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەمیرحوسام خودایاری فەرد و عەلی عەزیزی، گیانبەختکردووانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە کۆدەشت و هەرسین، بە هەمان شێوازی ڕابردوو و بە چیرۆکتاشینی میدیایی هەوڵیان دا وەک هێزەکانی سەر بە حکومەت نیشانیان بدەن و کوشتنی حکومەتیی ئەوان بخەنە ئەستۆی ناڕەزایان، لە کاتێکدا بەڵگە و ڕاپۆرتەکان نیشانیان دا کە ئەم هاووڵاتییانە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە حکومەتییەکان و بە تەقەی گوللەی جەنگی کوژراون.

لە ساڵانی ڕابردووشدا سیاسەتی دامودەزگا حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا، جگە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی بەرفراوان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی خەڵک، هەمیشە هەوڵدان بووە بۆ زەوتکردنی گیانبەختکردووان و ناساندنیان وەک هێزەکانی سەر بە حکومەت. ئەم سیاسەتە وەک ڕێکارێکی ئاشکرا بۆ داپۆشینی بەرپرسیارێتیی کوشتنی ناڕەزایان، حاشاکردن لە تاوان و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییان هەڵدەسەنگێندرێت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە