ئاشکرا کردنی ناسنامەی دوو کەسی دیکە لە کوژراوانی ئیلام بە ناوەکانی میلاد سادەمیری و مەهدی قەنبەری

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:١٤

هەنگاو؛ هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی میلاد سادەمیری و مەهدی قەنبەری لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە ئیلام، بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، میلاد سادەمیری، ٢٦ ساڵە، سەڵت و خەڵکی ئیلام بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان کوژرا.

هەروەها مەهدی قەنبەری، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵە و خەڵکی مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، دوای دە ڕۆژ لە پێکرانی بە هۆی قورسی برینەکانیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیلام گیانی لە دەست داوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار لە ئیلام، لە بەشی گورچیلە، ڕیخۆڵە و ڕان کەوتە بەر ئامانجی فیشەکی جەنگی و سەرەڕای هەوڵەکانی بەشی دەرمانی لە کۆتاییدا گیانی خۆی لە دەست دا.

شایانی باسە کە، ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە دانەوەی تەرمی مەهدی قەنبەری بە بنەماڵەکەی ناوبراو ڕایانگەیاندووە کە، بە دانانی بڕی ٥٠٠ ملوێن تمەن و نەدانی مافی ناشتنی ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە لە زێدی خۆی واتا مەلەکشایی، تەرمی ناوبراو دەدەنەوە بەڵام گەر بەم شێوەیە نەبێ دەبێ منداڵەکەیان وەک هێزی بەسیجی بناسێنن کە لە لایەن خەڵکی ناڕازییەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بنەماڵەی مەهدی قەنبەری بە هۆی دەستکورتی نەیانتوانیوە کە ئەو بڕە پارە داواکراوە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکەیان دابین بکەن و ناچار بوون ناوبراو وەک هێزی حکوومەتیی کوژراو لە لایەن خەڵکەوە ڕابگەیەنن. ئەم سەرچاوە لە درێژەدا وتی کە لە ئەنجامی ئەم کردەوەی بنەماڵەی مەهدی قەنبەری، خەڵکی مەلەکشایی ئیزنی ناشتنی تەرمی مەهدی قەنبەرییان لە مەلەکشایی نەداوە و لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی ناوبراودا بەشدارییان نەکردووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە