ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ ناسنامەی ٢٩ دەستبەسەرکراوی دیکەی ئیلام و کرماشان ئاشکرا بوو

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٢٣:٥٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥

لانی کەم ٢٩ هاووڵاتی لەوانە منداڵێک، خوێندکارێک و دوو ژن لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی دێهلۆران، مەلەکشاهی، بەدرە، ئاودانان، سەراوڵە، هەرسین، شاباد، ماهیدەشت، گیەڵان، کرماشان، نووراوا و دەرەشار دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی جەنیوەر ٢٠٢٦)، شاهین قەسر بەیگی لە سەراوڵە و محەممەدئەمین بازگیر تەمەن ١٩ ساڵ، نیما ناسری تەمەن ٢٠ ساڵ و حەسەن نووردیوەند تەمەن ٣٠ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی دەرەشار سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

دلارام کازمی، هاووڵاتیی خەڵکی گیەڵانیش هەر لەو ڕۆژەدا دەستبەسەر کرابوو و لە ئێستادا بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، سەلمان مەردانی، عەلیڕەزا موئمنی خوێندکاری تەمەن ١٨ ساڵ، ئەبولفەزل ساکی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و سەجاد خوورشیدی هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە دێهلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد زیادی خەڵکی کرماشان، سەعید دەروێشی لە شاباد، مەیسەم بێهزادی لە ماهیدەشت و یووسف ساڵخوردە هونەرمەندی تاتۆکار خەڵکی گیەڵان دەستبەسەر کران.

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان لەو ڕۆژەدا، زەبیح عەبدی و دوو برا بە ناوەکانی حەمید کەرەمی و مەهدی کەرەمی هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی کرماشان، عەبدوڵڵا ئەحمەدی تەمەن ٣٨ ساڵ، پوویا نادری تەمەن ١٩ ساڵ و مەهدی شێخی تەمەن ٣٢ ساڵ لە ئاودانانی پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.

هاوکات، مستەفا فەرەجی خەڵکی مەلەکشاهی، سەڵاڵ سادقی تەمەن ٥٦ ساڵ خەڵکی چەرداوڵ و فائیزە ڕەشیدی خەڵکی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباریش ئەمین شوکری‌پوور و شەهرووز شوکری‌پوور دوو هاووڵاتیی خەڵکی دەرەشار، ڕەزا باقری نژاد لە سەراوڵەی ئیلام و عەلی چراغی، میلاد عەلی‌بەیگی و ڕەحیم محەممەدوەلی لە شارستانی هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کران.

هەروەها پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار (١ی جەنیوەری) مستەفا ئەسەدبەیگی لە نووراوای لوڕستان دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە