محەممەد ڕەزا کەرەمی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی مەلەکشایی گیانی لە دەست دا

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٣:٥٥

هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥

محەممەد ڕەزا کەرەمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە چوار ڕۆژ پێشەوە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووبوو، لە کۆتاییدا گیانی خۆی لە دەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەشەوی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٦)، محەممەد ڕەزا کەرەمی، لاوی خەڵکی مەلەکشایی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە بریندار بووبوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گیانی لە دەست دا. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو تەمەنی ١٦ ساڵە، بەڵام ئەمە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم لاوە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری مەلەکشایی کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکان و بە هۆی وێکەوتنی سێ فیشەک بە لاپاڵی، بە دۆخی سەختی جەستەییەوە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێری تایبەتدا بوو.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شارۆچکەی مەلەکشایی، هێزە سەرکوتگەرە حکوومەتییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە توندووتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ ناڕازییان، دەستیان کرد بە سەرکوتی خەڵک کە لە ئاکامی ئەوەدا ڕێژەیەک لە هاووڵاتییان کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

پاش گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی» ئیلام، هێزە حکوومەتییەکان بە ئامانجی ڕفاندنی ژمارەیەک لە بریندارانی ژێر چاوەدێری لە نەخۆشخانە، هێرشیان کردە سەر ئەم ناوەندە دەرمانییە کە ئەم پەلامارە بە بەرخۆدانی کەسوکارانی برینداران و ڕێژەیەک لە ئەندامانی کادری دەرمانی ڕووبەڕوو بوویەوە و لە ئاکامدا هێزە سەرکوتکەرەکان بە بەکارهێنانی توندووتیژی چوونە ناو نەخۆشخانە ق دەستیان کرد بە تەقەی گازی فرمێسک هێنەر لە ناو نەخۆشخانەدا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە