ڕووماڵی ناڕەزاییەکانی بەفرانبار؛ ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم پازدە هاووڵاتی لە یازدە شار

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٥:٢١

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۷ی بەفرانباری ۲۷۲۵

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەدا، لانی کەم پازدە هاووڵاتی بریتی لە دوو ژن لە شارەکانی ئەملێش  گیلان، خوڕەمئاوا، بیرجەند سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، تاران، کەرەج، مەشهەد، سنە، سەراوڵە، ئیلام، هەرسین و کرماشان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۵ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، زەهرا حەیدەری، خەڵکی شاری ئەملێش سەر بە پارێزگای گیلان و محەممەدڕەزا دەوڵەتیاری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بەفرانبار، خەبات دێهداری، چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سنە و فەرامەرز قاسمی ئازەر، خەڵکی گوندی ئاوێهەنگی سنە و دانیشتووی کەرەج، یوونس عەباسپوور، تەمەن ۱۹ ساڵ و خەڵکی مەشهەد و سەید جەواد مووسەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیرجەند دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

زەهرا نەسیری، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی خوڕەمئاوای لوڕستان ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە ڕەوتی ناڕەزاییەکان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا. ئەو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ بەندیخانەی خوڕەمئاوا گواسترایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی بەفرانبار، موحسین شەهبازی، تەمەن ۳۷ ساڵ لە بازاڕی تاران و ڕۆژی شەممە ۱۳ی بەفرانبار، ئەمیر موختاری، تەمەن ۲۳ ساڵ و کرێکاری نزیک چوارڕای ئیستانبۆلی تاران، ئەبۆلفەزل سەلەحشوور، تەمەن ۲۵ ساڵ لە شەقامی جەمهووریی تاران و هەروەها حەیدەر نێعمەتی خەڵکی گۆهەردەشتی کەرەج دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی شەممە ۱۳ی بەفرانبار، محەممەدحوسێن مورادی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی ئاسمان ئابادی سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە