ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکردنی پازدە هاووڵاتیی کورد لەوانە سێ بریندار لە شارەکانی کیش، جوانڕۆ، پیرانشار، بانە، سەقز و سنە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥
پازدە هاووڵاتیی کورد لەوانە سێ هاووڵاتیی بریندار و دوو ژن بە ناوەکانی ئەرسەلان ساڵحی، هۆشیار شەعبانی، میلاد ئاهەنی، موبین محەممەدزادە، خەسرەو بەهرەنگ، شەهاب ڕاد، مەهدی قەباسیاه، ڕەزا پارساپوور، شەهریار مورادی، ڕەزا هیممەتخانی، فەرزاد قەیسەری، بێهزاد شاکە، دیاکۆ عەزیمی، مەرزییە مورادوەیسی و عەتییە گۆڵچینی، لە شارەکانی کیش، جوانڕۆ، پیرانشار، بانە، سەقز و سنە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٠ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، ئەرسەلان ساڵحی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی ئیتلاعات ماڵی ئەم هاووڵاتییەشیان پشکنیوە.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هۆشیار شەعبانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی میلاد ئاهەنی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و موبین محەممەدزادە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە توندوتیژی دەستبەسەر کران.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، هەشت هاووڵاتیی خەڵکی گێڵانغەرب بە ناوەکانی خەسرەو بەهرەنگ، شەهاب ڕاد، مەهدی قەباسیاهـ، ڕەزا پارساپوور، شەهریار مرادی، ڕەزا هیمەتخانی، فەرزاد قەیسەری و بەهزاد شاکە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران. خەسرەو بەهرەنگ، شەهاب ڕاد و مەهدی قەباسیاهـ لە کاتێکدا کە بریندار بوون، دەستبەسەر کراون.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانبار، دیاکۆ عەزیمی، خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کیش، کە کارمەندی هۆتێلێکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کرا.
لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدواییەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی مەرزییە مورادوەیسی، چالاکی بواری ژنان و لە ئەندامانی کەمپەینی خێرخوازیی «ژیانەوە» و عەتییە گوڵچینی، چالاکی بواری ژنان لە سنە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
مەرزییە مورادوەیسی پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکردن و دەرچوونی حوکمی دادوەریی هەبووە.
ئەم هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.