گیەڵان؛ کەژاڵ وەتەنپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
هەنگاو، شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
کەژاڵ وەتەنپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، ماستەری یاسا و چالاکی بواری ژنان و منداڵان، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، کەژاڵ وەتەنپوور (حوسنا)، خەڵکی گیەڵان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە که، کەژاڵ وەتەنپوور، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەردەم کتێبخانەی پارکی منداڵانی ئیلام لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بە توندوتیژییەکی زۆرەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو دواتر بە تۆمەتگەلێکی وەک «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی»، «پوڕوپاگەندە دژی حکومەت» و «کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی و دەرەکی»، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە دواتر بۆ ساڵێک بەندکردن و شەش مانگ بەندکردنی هەڵپسێردراو، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات، پووچەڵکردنەوەی پاسپۆرت و پێشکەشکردنی ڕاوێژی یاسایی بەخۆڕایی کەم کرایەوە.
کەژاڵ وەتەنپوور دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگوستەری ئیلام، ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ئیلام گواسترابووەوە.