خۆپیشاندانەکان لە ئەزنا؛ کوژرانی سێ هاووڵاتیی ناڕازی لەوانە منداڵێک لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٠٠:٠٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری ئەزنای سەر بە پارێزگای لوڕستان، مستەفا (ناوبانگ نادیار) و دوو گەنجی دیکە بەناوەکانی شایان ئەسەدوڵڵاهی و وەهاب مووسەوی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و ۱۷ هاووڵاتیی ناڕازیی دیکە بریندار کران.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ۱۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۱ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، مستەفا (ناوبانگ نادیار)، تەمەن ۱۵ ساڵ، شایان ئەسەدوڵڵاهی، تەمەن ۳۰ ساڵ و وەهاب مووسەوی خەڵکی ئەزنا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.

میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریتی لە هەواڵنێری حکومەتیی فارس، بەو بانگەشەی کە ناڕازییان ویستوویانە هێزە حکومەتییەکان چەک بکەن، نووسیویەتی کە ئەو کردەوە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە پێکدادانی لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها هەواڵنێری ڕەسانە، پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران نووسیویەتی کە لە ڕەوتی ئەو پێکدادانەدا چەند ئۆتۆمبێلی حکومەتی ئاگریان تێ بەردراوە.

بە ئەژمارهێنانی ئەو سێ حاڵەتە، تا ئێستا ۷ هاووڵاتیی ناڕازی بە دەستی هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراون. هەنگاو پێشتر هەواڵی کوژرانی ئەحمەد جەلیل، تەمەن ۲۱ ساڵ، سەجاد والامەنێش تەمەن ۲۸ ساڵ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی لۆردێگان، داریووش ئەنساری بەختیاروەند خەڵکی فوولادشار و ئەمیرحیسام خودایاری فەرد خەڵکی کۆیەشتی ڕاگەیاندبوو.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە