ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ دەستبەسەرکردنی ١٣ هاووڵاتیی کورد لە مەریوان، تاران، ئیلام، دەڕەشار، سەرپێڵ زەهاو، هەرسین و ئەیوان
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدواییەدا، لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی شەهریار سادقی، محەممەد سادقی، مورتەزا حوسێنی، ئیحسان حوسێنی، محەممەد بەراری، جەواد پاشایی، ڕەزا نەزەرعەلی، پەیمان ئەسڵمەرز، عەلیڕەزا بەساتزادە، حەمزە نووری، سەید نیما خامووشی، ئەمیر هوشەنگ حەیدەری و ئەمیرڕەزا سولەیمانی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٧ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، دوو برای خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی شەهریار سادقی تەمەن ٢٢ ساڵ و محەممەد سادقی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە بازگەی سەوڵاوا سەر بە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، محەممەد بەراڕی خەڵکی جوانڕۆ لە تاران، جەواد پاشایی تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی ئیلام، ڕەزا نەزەرعەلی تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی ئیلام و پەیمان ئەسڵمەرز تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی دەڕەشار سەر بە ئیلام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانبار، عەلیڕەزا بەساتزادە هاووڵاتیی یارسان و خەڵکی سەرپێڵ زەهاو سەر بە کرماشان و حەمزە نووری نیشتەجێی کیانشهری کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
عەلیڕەزا بەساتزادە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەستبەسەر کراوە.
مورتەزا حوسەینی و ئیحسان حوسەینی دوو گەنجی خەڵکی هەرسینیش، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
لە هەمان پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، سەید نیما خامووشی گەنجی یارسانیی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی کرماشان، ئەمیر هوشەنگ حەیدەری خەڵکی ئەیوان سەر بە ئیلام و ئەمیرڕەزا سولەیمانی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی کەنگاوەر سەر بە کرماشان و نیشتەجێی تاران، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. ئەمیرڕەزا سولەیمانی لە ناڕەزایەتییەکانی بازاڕی تاراندا دەستبەسەر کراوە و ماوەی حەوت ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێن و دۆخی ڕاگرتن و تۆمەتە پاڵدراوەکان بۆ ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.