چناران؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥
لانی کەم شەش پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی مەهدی قورباندۆست، مەهدی وەلیدۆست، مورتەزا جەهانبەخش، ڕووحوڵڵا ستاره موشتەری و محەممەدڕەزا گرووهی، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری چناران سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٧ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، مەهدی وەلیدۆست، مورتەزا جەهانبەخش خەڵکی گوندی غەزەلکەن سەر بە چناران، ڕووحوڵڵا ستاره موشتەری تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی قیاسئاباد و محەممەدڕەزا گرووهی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی کڵاشینکۆف لە بلواری خومەینیی ئەو شارەدا گیانیان لەدەست داوە.
مەهدی قورباندۆست، هاووڵاتییەکی دیکەی گیانبەختکردووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی هەمان شەودا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بریندار ببوو و کەوتبووە حاڵەتی کۆماوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، گیانی لەدەست داوە.
ڕاپۆرتە گەیشتووەکان باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکەش دەکەن کە ناسنامەکەی لەلایەن هەنگاوەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، هەموو ئەم هاووڵاتییانە دوای بەرکەوتنی فیشەک بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و وێڕای هەوڵەکانی کادری دەرمان، گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان هەوڵیان داوە بە شەو تەرمی ڕووحوڵڵا ستاره بنێژن، بەڵام بەهۆی ڕێگریی خەڵکەوە سەرکەوتوو نەبوون. ناوبراو تەنیا ڕۆژێک پێش کوژرانی ببوو بە باوک.
جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا تەرمی هیچکام لەم هاووڵاتییانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی چناراندا، هێزە حکومەتییەکان لە کاتژمێر ٨ تا ١١ی ئێوارەی چوارشەممە، تەقەیان لە هاووڵاتییان کردووە.