کافەی وریا غەفووری لە تاران بەهۆی پشتگیری لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان پڵۆمب کرا

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٣:٥٠

هەنگاو، یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥

کۆمەڵە کافەکانی وریا غەفووری، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ و ئەندامی ئێستای ستافی تەکنیکیی تیمی ئیستقلال، لە تاران بەهۆی داخستنی کافەکەی هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، داخرا و پلۆمپ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٠ی جنیوەری ٢٠٢٦)، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵی داخستنی کۆمەڵە کافەکانی وریا غەفووری لە تارانی بڵاو کردەوە.

ئەم کارە بە فەرمانی داواکاری گشتیی تاران ئەنجام دراوە و بەم شێوەیە کۆمەڵە کافەکانی سەر بە وریا غەفووری بۆ ماوەی دوو مانگ دادەخرێن.

بانگەوازی ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار لەلایەن حەوت حیزبی سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە بۆ پاڵپشتی لە خەڵک لە ئیلام، کرماشان و لوڕستان و هەروەها پشتگیریکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بڵاو کرایەوە و دوو ڕۆژ دواتر جێبەجێ کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە لانی کەم ٣٩ شاردا مانگرتنی بەرفراوان لەو ڕۆژەدا بەڕێوە چووە.

ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش بە ترساندن و دروستکردنی کێشە لە شوێنی کارەکەی وریا غەفووری لە تاران، کارمەندان و کڕیارانیان دابووە بەر پەلامار و لێدان.

وریا غەفووری لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی پشتگیریکردن لە ئامادەبوونی ژنان لە یاریگاکان، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەشداریی چالاکانە لە بوارە مەدەنییەکاندا، کەوتووەتە ژێر گوشاری ناوەندە حکومەتییەکان و ئێستاش دوای سێ ساڵ دوورکەوتنەوە لە تۆپی پێ و سەرەڕای بوونی لە ستافی تەکنیکیی تیمی تۆپی پێی ئیستقلال، ڕێگەی پێنادرێت لەسەر کورسیی ئەو تیمە دابنیشێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە