ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ئاکۆ محەممەدی، هاووڵاتی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە قشم

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٧:٤٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥

ئاکۆ محەممەدی، هاووڵاتی کورد، خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی قشم لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانەوەی تەرمی ئەم هاووڵاتییە داوای یەک میلیارد تمەن دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی جەنیوەریی ٢٧٢٦)، ئاکۆ محەممەدی هاووڵاتیی ٢٢ ساڵەی کورد و خەڵکی گوندی کانی ڕەش سەر بە سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی قشم، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا. بنەماڵەی ناوبراو ئەمڕۆ یەکشەممە بە دانانی یەک میلیارد تمەن تەرمی ناوبراویان وەرگرتووەتەوە.

هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆی ئاگادار بووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتییانە ١٥ هاووڵاتیی، بریتی لە دوو ژنی کورد و خەڵکی ئیلام کوژراون کە تەرمی هەموویان بە بنەماڵەکانیان دراوەتەوە. هەنگاو خەریکی بەدواداچوونە بۆ دەرخستنی ناسنامەی ئەم هاووڵاتییانە و وردەکاری پەیوەندیدار بە هەموویان بڵاو دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کە دایک و باوکی ئەم هاووڵاتییە بە هۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بەپەلەی باوکی ناوبراو لە تاراندان و هێشتا ئاگاداری کوژرانی منداڵەکەیان نەبوونەتەوە، کەسوکاری ناوبراو لە گوندی کانی ڕەش خەریکی بەدواداچوونن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی. سەرەڕای ئەمە، ناوەندە ئەمنییەکان لە دانەوەی تەرمەکە خۆیان دەبوێرن و داوای یەک میلیارد تمەن دەکەن بۆ دانەوەی تەرمەکە.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شاری قشم بە بەشداری بەرینی هاووڵاتییان بووە و هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکوتی قورس، کردەوەی توندووتیژیانە و تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی بۆ سەر ناڕازییان کاردانەوەیان نیشان داوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە