ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە کوژرانی نەوید ساڵحی و بەیات سوبحانی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە لە کرماشان
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٥
نەوید ساڵحی و بەیات سوبحانی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پاوە و دانیشتووی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی "دەرەدرێژ"ی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران. هەنگاو پێشتر ڕاپۆرتی لەسەر کوژرانی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی دیکە لە کاتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا لەو ناوچەیە بڵاو کردبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، نەوید ساڵحی تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "مەزیدی" سەر بە پاوە و پەرستاری نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی بەیات سوبحانی تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "شمشێر" سەر بە پاوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم لە ناوچەی دەرەدرێژ کوژراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی دەرەدرێژی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپا و بە چەکی کڵاشینکۆف کراونەتە ئامانج.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە تەرمەکانیان وەرگرتووەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، هەر کامەیان لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردراون.
هەنگاو پێشتر سەبارەت بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە ناوچەی دەرەدرێژی کرماشان و ڕەهەندەکانی سەرکوتی بەرفراوانی ئەو ناڕەزایەتییانە ڕایگەیاندبوو کە پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکاندا تا کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ بەردەوام بووە و هێزە حکومەتییەکان، بەتایبەت هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم، بە بەکارهێنانی چەکی قورس لەوانە دۆشکە و کڵاشینکۆف، دەستیان داوەتە تەقەکردنی بەرفراوان بە ڕووی خۆپیشاندەراندا.
هەنگاو پێشتریش ڕاپۆرتی لەسەر کوژرانی لانی کەم پێنج هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوەکانی کەیوان ڕەزایی، یاسین میرزایی، بێهرووز سەفایی، سامان نەزەری و سەیاد فەرامەرزی لە کاتی ئەو ناڕەزایەتییانەدا بڵاو کردبووەوە.
هەروەها لە کاتی پێکدادانی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان لەگەڵ خەڵکی ناڕازی لەو ناوچەیەدا، لانی کەم ١٠ کەس لە هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەم کوژراون.